Matthew 21

کەژاوەی پاشایانە

1کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بوونەوە و گەیشتنە گوندی بێت‌فاجی لەلای کێوی زەیتوون، عیسا دووان لە قوتابییەکانی نارد و 2پێی فەرموون: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، دەستبەجێ ماکەرێک دەبینن بەستراوەتەوە، جاشکەکەی لەگەڵە. بیکەنەوە و بۆ منیان بهێنن. 3ئەگەر یەکێک شتێکی پێ گوتن، دەڵێن: گەورەمان پێویستی پێیانە، ئەویش یەکسەر دەیاننێرێت.»

4ئەمەش ڕوویدا تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەرەکە
مەبەست لە پێغەمبەر زەکەریایە.‏
گوتراوە بێتە دی کە دەفەرموێ:

5﴿بە شاری سییۆن بڵێن،
ئەوەتا پاشاکەت دێتە لات،
دڵنەرمە و سواری ماکەرێک و
جاشی ماکەرێک بووە.﴾
6قوتابییەکان ڕۆیشتن و وەک ئەوەی عیسا فەرمانی پێدابوون، کردیان. 7ماکەر و جاشکەکەیان هێنا، کەواکانیان خستە سەر پشتی و عیسا سواربوو. 8خەڵکێکی ئێجگار زۆر کەواکانیان لەسەر ڕێگاکە ڕاخست. خەڵکی دیکە لقە داریان دەبڕییەوە و لەسەر ڕێگاکە ڕایاندەخست. 9ئەو خەڵکەی لەپێشی دەڕۆیشتن و ئەوانەش کە دوای کەوتبوون، هاواریان دەکرد:

«هۆسانا
لە زمانی عیبری دەربڕینێکە بە واتای ڕزگارمان بکە، بووە هاواری ستایش.‏
بۆ کوڕی داود!»

«﴿پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!﴾ »

«هۆسانا بۆ خودا!»
10کاتێک عیسا چووە ناو ئۆرشەلیم، هەموو شارەکە خرۆشا و گوتیان: «ئەمە کێیە؟»

11خەڵکەکەش دەیانگوت: «ئەمە پێغەمبەر عیسایە، خەڵکی ناسیرەی جەلیلە.»

پاککردنەوەی پەرستگا

12عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا و هەموو ئەوانەی دەرکرد کە لەوێ خەریکی کڕین و فرۆشتن بوون، مێزی پارەگۆڕەوان و کورسی کۆترفرۆشانی سەرەوژێر کرد. 13پێی فەرموون: «نووسراوە، ﴿ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت،﴾ بەڵام ئێوە دەیکەنە ﴿ئەشکەوتی دزان!﴾ »

14نابینا و شەلەکان لە پەرستگا هاتنە لای و ئەویش چاکیکردنەوە. 15بەڵام کاتێک کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ئەم کارە سەرسوڕهێنەرانەیان بینی کە ئەو کردی، هەروەها منداڵانیش کە لە حەوشەکانی پەرستگا هاواریان دەکرد: «هۆسانا بۆ کوڕی داود!» تووڕە بوون و 16لێیان پرسی: «گوێت لێیە ئەو منداڵانە چی دەڵێن؟»

عیساش پێی فەرموون: «بەڵێ، ئەی قەت نەتانخوێندووەتەوە:

«﴿لە زاری منداڵان و شیرەخۆرانەوە
ستایشت بۆ خۆت داڕشتووە﴾؟»
17ئەوسا بەجێی هێشتن و چووە دەرەوەی شار، بەرەو گوندی بێت‌عەنیا بەڕێکەوت و شەو لەوێ مایەوە.

دار هەنجیری بێ بەر

18بەیانی زوو کە عیسا دەگەڕایەوە شار، برسی بوو. 19دار هەنجیرێکی لەسەر ڕێگاکە بینی و چووە لای، بەڵام لە گەڵا زیاتر هیچی پێوە نەبینی، ئینجا پێی فەرموو: «ئیتر هەرگیز بەر نەگریت!» دەستبەجێ دارەکە وشک بوو.

20کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی، سەرسام بوون و گوتیان: «چۆن دەستبەجێ دار هەنجیرەکە وشک بوو؟»

21عیساش وەڵامی دانەوە: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر باوەڕتان هەبێت و گومان نەکەن، نەک هەر ئەمەی دار هەنجیرەکە دەکەن، بەڵکو ئەگەر بەم کێوە بڵێن،”هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە،“وا دەبێت. 22جا هەرچی لە نوێژدا بە باوەڕەوە داوای بکەن، وەریدەگرن.»

دەسەڵاتی عیسا

23کاتێک عیسا چووە حەوشەکانی پەرستگا و خەڵکەکەی فێردەکرد، کاهینانی باڵا و پیرانی گەل هاتنە لای و گوتیان: «ئەمانە بە چ دەسەڵاتێک دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە؟»

24عیسا وەڵامی دانەوە: «منیش پرسیارێکتان لێ دەکەم، ئەگەر وەڵامتان دامەوە، ئەوا پێتان دەڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم. 25لەئاوهەڵکێشانی یەحیا، لەکوێوە بوو؟ لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟»

لەنێو خۆیاندا کەوتنە ڕاوێژکردن و گوتیان: «ئەگەر بڵێین،”لە ئاسمانەوە بوو،“دەڵێت،”باشە بۆچی باوەڕتان پێی نەکرد؟“
26ئەگەریش بڵێین،”لە مرۆڤەوە بوو،“لە خەڵکەکە دەترسین، چونکە هەموو یەحیا بە پێغەمبەر دادەنێن.»

27ئینجا وەڵامی عیسایان دایەوە: «نازانین.»

ئەویش پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.»

نموونەی دوو کوڕەکە

28ئینجا عیسا فەرمووی: «ڕاتان چییە؟ پیاوێک دوو کوڕی هەبوو. چووە لای یەکەمیان و گوتی:”کوڕم ئەمڕۆ بڕۆ لە ڕەزەکەدا کار بکە.“

29«ئەویش وەڵامی دایەوە:”ناچم.“بەڵام پاشان پەشیمان بووەوە و چوو.

30«ئینجا پیاوەکە چووە لای کوڕەکەی دیکەی و هەمان قسەی کرد. وەڵامی دایەوە:”بەسەرچاو
یۆنانی: من.‏
، گەورەم!“بەڵام نەچوو.

31«ئایا کام لەم دووانە بە خواستی باوکیان کرد؟»

گوتیان: «یەکەمیان.»

عیساش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: باجگران و لەشفرۆشان لە چوونە ناو شانشینی خودا پێشتان دەکەون،
32چونکە یەحیا هات بۆ ئەوەی ڕێگای ڕاستودروستیتان نیشان بدات بەڵام ئێوە باوەڕتان پێی نەکرد، بەڵام باجگران و لەشفرۆشان باوەڕیان پێی کرد. پاشان کە بینیشتان، هەر تۆبەتان نەکرد و باوەڕتان پێی نەکرد.»

نموونەی ڕەزەوانەکان

33«گوێ لە نموونەیەکی دیکە بگرن: خاوەن زەوییەک هەبوو ڕەزێکی چاند و پەرژینێکی بە دەوریدا کرد، گوشەرێکی ترێی تێدا هەڵکۆڵی و قوللەیەکی چاودێری بنیاد نا. ئینجا دایە دەست چەند ڕەزەوانێک و گەشتی کرد. 34کاتێک وەرزی بەرهەم نزیک بووەوە، خزمەتکارەکانی ناردە لای ڕەزەوانەکان تاکو بەرهەمەکەی وەربگرن.

35«ڕەزەوانەکان خزمەتکارەکانیان گرت، لە یەکێکیان دا و یەکێکیان کوشت و ئەوی دیکەشیان بەردباران کرد. 36دیسان خزمەتکاری زیاتری لەوانەی پێشوو نارد، ڕەزەوانەکان هەمان شتیان لەوانیش کرد. 37لە کۆتاییدا کوڕەکەی بۆ لایان نارد و گوتی:”ڕێزی کوڕەکەم دەگرن.“

38«بەڵام ڕەزەوانەکان کە کوڕەکەیان بینی لەناو خۆیاندا گوتیان:”ئەمە میراتگرەکەیە. با بیکوژین و دەست بەسەر میراتەکەیدا بگرین.“ 39ئینجا گرتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەکە و کوشتیان.

40«کاتێک خاوەنی ڕەزەکە دێت، چی لەم ڕەزەوانانە دەکات؟»

41وەڵامیان دایەوە: «ئەو خراپەکارانە بە خراپی لەناودەبات و ڕەزەکەش دەداتە دەست ڕەزەوانانی دیکە، ئەوانەی لە وەرزی خۆی بەرهەمی دەدەنێ.»

42عیسا پێی فەرموون: «ئایا هەرگیز لە نووسراوە پیرۆزەکان
مەبەست لە هەر 39 پەڕتووکەکەی پەیمانی کۆنە، تەوراتی موسا و زەبووری داود و پەندەکانی سلێمانی دانا و مێژوو و پێغەمبەرەکان.‏
نەتانخوێندووەتەوە:

«﴿ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە
بوو بە گرنگترین بەردی بناغە
بەردێکی گەورەیە کە لە گۆشەی دیوار دادەنرێت، لەو بەردانە بەهێزترە کە لە دیوارەکە بەکاردێت و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی دیوارەکە.‏
،
ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو،
لەبەرچاومان سەیرە﴾ ؟
43«لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: شانشینی خوداتان لێ دەسەنرێتەوە و دەدرێتە نەتەوەیەک کە بەرهەم دەدات. 44ئەوەی بەسەر ئەم بەردەدا بکەوێت تێکدەشکێت، ئەوەش کە بەردەکە بەسەریدا بکەوێت وردوخاشی دەکات.»

45کاتێک کاهینانی باڵا و فەریسییەکان نموونەکانیان بیست، زانییان باسی ئەوان دەکات. 46لەبەر ئەوە دەیانویست بیگرن، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان، چونکە بە پێغەمبەریان دادەنا.

Copyright information for CkbKSS